تاڵـــــــــــــــــــــــی سپـــــــــــــــــــــــی


تکایە سەر و ھەژدە ساڵ بیخوێنێتەوە واتە +١٨

( وەک خانوی داری جاران، کە ئاببە لە تەوقی سەرمەوە دڵۆپە ئەکات، ھاوڕێ تەشتێ بۆ ئەو دڵۆپانەم دانێ).

توانا حەمە

دواجار چەند تاڵێکی سپی خۆی خزاندە نێو تاڵە ڕەشەکانی ڕیشم، بەڵام ھیچ تاڵێکی سپی لە نێو قژمدا بوونی نییە. سەیرە خەڵکی پێچەوانەی منن یەکەمجار سەریان سپی دەبێت، دواتر تاڵە سپییەکان بەرەو ڕیش ھەنگاو ئەنێن. ئەگەر بە غەمە قوڵەکانی ناخم بوایە دەبوو سەرم وەک بەفری کویستان بوایە، توندی و کەلە ڕەقی و بەرگە گرتنی من یەکێکی ترە لە بەدبەختیەکانم، ئاخر ژیان خۆی چەندە؟ و چییە تا بتەوێ بەرگە بگری بۆ ئەوەی زیاتر بژی؟
ژیان خۆی سۆزانی و دایک و خوشکیشی ھەر لە مەلھادا قونیان باداوە و ھەر لەویش تۆپیون. دەی سپیبە تاڵەکانی سەرم، چاو لە جوامیری ڕیشم کە، ئەھا چەند پیاو و چاو نەترسن، دەڵین تەواو تاقەتی ئەم کەللەچی خانەیەمان نیە، ھاوار ئەکەن و وەک پەرلەمان دەبەم تێ ئەئگرن ئەڵین تەواو بەسە خوامان نەما بە دەستەوە. ئەو ڕۆژە تاڵە سپیەکەی سەر چەناگەم ووتی: کاک جەربووح بەرگەی چی بگرین تەواو ئێمە جاڕی خۆ بەدەستەوەدانی پیریماندا. دەی تاڵە ڕەشە بێ دەماخەکانی سەرم ئێوەش خۆتان بەدەستەوە بدەن با زوو پیر بین، با زوو ئەجەل بێت و ئەم دەفتەرە ٦٠ پەڕەییەکی ناشرینەکی تەمنمان
پەڕ پەڕکا و دەست لەکار کێشانەوەی خۆمان پێشکەشی ژیانە سۆزانی بکەین، ئەو ژیانەی کە ناو لینگی و سوخمەی سوور و دەرپێی دڕاوی بۆنی سەگی تۆپیووی لێدێت، سپیبە گەلحۆ، سپیبە، گەمژە، سپیبە، سپی بە تەمای چەن بژی چەند بەرگە بگری؟ سپیبە سپـــــــــــــــــــــــــــــــی..

Comments