چەند لایەنێکی شاراوە دەربارەی ژیانی هونەرمەند (حەسەن زیرەک) لە ٤٨مین ساڵیادی کۆچیدا..... نوسینی: توانا حەمە
زیرەک وەک: ژەنیارێک، شێوەکارێک و ستەم لێکراوێک!
حەسەن زیرەک یەکێکە لە دیارترین هونەرمەندانی سەدەی ڕابردوو، بە هۆکاری ئەوەی بەرهەمەکانی، زادە و ئاوێتە بە هەست و ئەندێشەی کۆمەڵگە و کلتوری کوردین، بە یەکێک لە کاریگەرترین هونەرمەندانی مێژووی موزیکی کوردی هەژمار دەکرێت. سەرەڕای پایە بڵندی (زیرەک)، بەڵام بەراورد بە خۆی، هێشتا کاری ئەو تۆ لە سەر ژیان و بەرهەمەکانی نەکراون. هەر بۆیە زۆر لایەنی شاراوەی ئەم کارەکتەرە دیارەی نێو دنیای موزیک و گۆرانی کوردی، ڕاڤەی بۆ نەکراوە و تا هەنووکە لە ڕوویەکی زانستی و لۆژیکی و مێژووی موزیکەوە، لێکدانەوە بۆ ئەو باس و خواسانە نەکراوە، کە دەربارەی ئەو لە بەرنامەی تیڤی و ڕادیۆکاندا، بەتایبەت لە ساڵیادەکانیدا دەربارەی باس دەکرێن.
ئەوەی جێی سەرنجە مێژووی ئەم هونەرمەندە بۆ نزیکەی سەد ساڵێك لەمەو بەر دەگەڕێتەوە، واتە مێژوویەکی زۆر دوور نییە، بۆیە کەسانێکی زۆر لە نزیکەوە کاریان لەگەڵدا کردووە، یان لە نزیکەوە هاوڕێ و ئاشنای ژیانی بوون.
کەسانێکی زۆر لە ساتی گۆرانیگوتن و گۆرانی تۆمارکردن لە نزیکی بوون، گەرچی زۆرێک لە کەسانە زانیاری زۆریان دەربارەی هەیە. بەڵام زۆرینەی جار نایدرکێنن، یاخود خۆیان نایانەوێ دەربارەی لایەنە شاراوە و نادیارەکانی بدوێن.
بە نموونە: تا چەند ساڵێک لەمەو بەر دەگوترا، ھێشتا چەندین گۆرانی تۆمارکراوی (حەسەن زیرەک) هەیە و بڵاونەبۆتەوە، بە هۆکاری ئەوەی، کە ئەزموونێکی باشم لەگەڕان بە دوای مێژووی موزیکی کوردیدا هەیە، وەک توێژەرێک بڕوام وایە: بەڵێ ڕاستە و ھێشتا زۆر گۆرانی کوردی، نەک تەنها حەسەن زیرەک بەڵکو زۆرێک لە هونەرمەندانی وەک: (حەمەساڵح دیلان، عەلی مەردان، مەحمود تۆفیق شلک، سێوە، تایەر تۆفیق... هتد) لە لای هەندێک خانەوادەی ماڵە دێرینەکانی شارەکانی کوردستان پارێزراوە.
بەداخەوە هەندێک لەم خانەوادانە، وەک لایەنێکی خاوەندارێتی کەسی و جۆرێک لە شانازی، جار بە جارێ بوونی ئەو بەرهەمانە وەک خاوەندارێتی خۆیان لەلای ئەوان پارێزراوە و بڵاونەکردنەوەی ئەدرکێنن.
بە بڕوای من ئەم جۆرە لە ئاکارە، ھیچ خزمەت بە مێژووی موزیکی کوردی و خودی ئەو گۆرانیبێژانە ناکات، کە ئاماژەم بە ناویان کرد، بەڵكو تەنها لێڵی و ناڕونی دەربارەی مێژووی ئەوان و موزیکی کوردی دروست دەکات.
هەروەها هەندێک لە نوسەران بەڵگەی مێژووی گرنگیان بەردەستە، بەڵام دیسانەوە ئەوانیش لای خۆیان پاراستویانە، تەنها وەک زانیاری کەسی لەلای خۆیان ھێشتویانەتەوە، یاخود زۆر جار بەبێ ڕاڤە دەیانخەنەڕوو یان وەک چیرۆکێک لە سەربوردەی ژیانیاندا بە ڕاگوزەرێک باسی لێوە دەکەن.
بە بڕوای من لە دنیای لێکۆڵینەوەدا بەتایبەت لە بواری موزیکیدا، مەرج تەنها ئەوە نییە، کە چۆن دۆکیۆمێنت (بەڵگە) کۆدەکەیتەوە، بەڵکو مەرج ئەوەیە لە کوێدا بەکاری ئەھێنیت، چۆن لێکدانەوەی بۆ ئەکەیت، چۆن شیکاری و بەراوردکاری بۆ ئەکەیت؟! ئەگەر نا هەر وەک ئەوەیە: پارچە ئاسەوارێک بدۆزیتەوە لە مۆزەخانە دایبنێت بۆ سەیرکردن، بەبێ ھیچ ڕاڤەیەک، تەنها بڵێت: ئەمە ئاسەوارێکی کۆنە!
بە بڕوای من ئەم لایەنەی خستمەڕوو، گەورەترین گرفتی نێو دنیای موزیکی کوردییە، هەر بۆیە تا ئێستا مێژوویەکی ڕوونی موزیکی ئەم نەتەوەیە نەنوسراوەتەوە و هێشتا بەڵگەکان لە ئاستی زارەکی و بە نەنوسراوی ماونەتەوە.
بۆیە لەم بابەتەدا بە پێویستم زانی سێ لایەنی شاراوەی ژیانی زیرەک بخەمەڕوو، کە دەشێت بە زۆر کەسی ئاسایی و هونەرمەندان و لێکۆڵەرەوانی موزیک دەربارەی (حەسەن زیرەک) ئاشنا نەبێت. بە ئامانجی دنەدانی توێژەران و کەسانی نزیکی دیکە، کە چیتر ئەو باس و خواسانە وەک زانیاری کەسی لە یادگەی خۆیاندا نەهێڵنەوە، بەڵکو بیانخەنە بۆتەی نوسین و لە ووتار و سەربردەی ژیانیاندا بیان نوسنەوە.
لایەنی یەکەم:
زیرەک تەنها گۆرانیبیژێک نەبوو، بەڵکو
ژەنیاری ئامێرێکی (موزیکی)ش بوو؟
یەکێک لەو لایانەی، زۆرینەی کات، حەسەن زیرەک لە ڕووی زانستی موزیکەوە بە کەسێکی تەنها گۆرانیبێژ دەناسێنرێت، زۆرینەی کات لە راڤە و گفتوگۆکان دەربارەی ئەم هونەرمەندە، وەک جۆرێک لە سەرسوڕمان و پەیجوور ئاسا تواناکانی دەخەنەڕوو، کە ئایا زیرەک بەبێ هیچ زانستێکی موزیکی و بەبێ ئەوەی ژەنیاری هیچ ئامێرێکی موزیکی بووبێت، چۆن توانیویەتی سەدان بەرهەمی تۆمارکراوی هەبێت، کە زۆرینەی ئاواز و تێکستی خۆین، یان فۆلکۆرن و بە مۆرکی خۆی دووبارە چڕیونێتییەوە؟ چۆن توانیویەتی ئەو هەموو ئاوازە دانرا و فۆلکلۆرییانە، بە باشترین و سازترین شێوە بچڕێت؟
ئەم پرسیارە لۆژیکییانە، وەڵامەکەی لەلایەن توێژەری دیاری کورد محەمەد حەمە باقی، لە فیلمێکی بەڵگەنامەیدا بە ناوی (گەروویەکی ناوازە)، کە (کەناڵی کوردسات بەرهەمی هێناوە) دراوەتەوە. توێژەر لەمەڕ ئاشنایی و پەیوەندی خۆی و (زیرەک)دا باس لەوە دەکات، کە لە تەمووزی ١٩٦٧دا بە هۆکاری سیاسی زیندانی کراوە، لە هەمان کاتدا حەسەن زیرەکیش بە تاوانی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ ساواک (کە تەنها بیانوو یەک بوو) دەستگیرکراوە. توێژەر دەڵێت:
«من و زیرەک لە زیندانەکانی (سلێمانی، بەعقوبە،
کەرکوک) پێکەوە بوون». ئەو لەو فیلمە بەڵگە نامەییەدا، ئاماژە بەوە دەکات، لە ساتی دەسگیرکردنیدا (زیرەک) ئامێرێکی عودی پێبووە، بۆیە لە زیندانیشدا ئامێرەکەی هەر پێ بووە. ئەو دەڵێت:
زۆر کەس نازانی بۆچی زیرەک هەمیشە ئاواز و گۆرانی تازەی هەبووە، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە زیرەک عودژەن بوو، هەر بۆیە هەمیشە هەوڵی دەدا، ئەو گۆرانییانەی کە دەیان چڕێ، لە ڕووی هونەرییەوە ساز و لەبار بێت، ئەمە هۆکارێکی سەرەکی سەرکەوتنی زیرەک بوو».
گەرچی لێرەدا ئاست و توانای ژەنینی نازانرێت چۆن بووە، چونکە هیچ تۆمارێکی ژەنینی نییە، بەڵام ئەمە ئەو وەڵامەیە، کە زیرەک بەشێکی توانا دەنگییەکانی و ئاستی گۆرانیچڕینی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە بەڵی: ئەو ژەنیار بووە و ئاشنای لایەنە موزیکییەکان بووە، بە پێچەوانەی ئەو بڕوایانەی هەن، کە پێیان وایە زیرەک گۆرانیبێژێکی بێ سەواد و هیچ ئاشنای موزیک و ئامێرژەنین نەبووە، بەڵکو تەنها بەهرەیەکی خۆڕسکی هەبووە و گۆرانی ووتووە. لەو فیلمە بەڵگەنامەییەدا توێژەری ناوبراو پێی وایە، کە (زیرەک) ئەو گۆرانییانەی لە دیوەخانی فەیزوڵا بەگییەکاندا لە زاری گۆرانیبێژانی پێش خۆیەوە گوێی لێ بووە، دووبارە نۆژەنی کردونەتەوە و دایڕشتونەتەوە و بەشێواز و مۆرکی تایبەت بەخۆی لە خۆشخوانی و رادیۆکانی ئەو سەردەمەدا پێشکەشی کردۆتەوە.
لایەنی دووەم:
ڕۆڵی ژن لە ژیانی هونەری زیرەکدا!
زیرەک وەک شێوەکارێک بوو؟
بۆ ئەمە پێویستە کەمێک مرۆڤناسانە لە کەسایەتی زیرەک وردبینەوە، ئاشکرایە (زیرەک)، کەسێکی عاشق و گیرۆدەی جوانی ژن بووە، هەر بۆیە لە تەمەنیدا چەندین جار هاوسەرگیری کردووە، بەشێکیان پەیوەستە بەوەی، کە کەسایەتی زیرەک بە جۆرێک بووە، لە شوێنێک جێگیر نەبووە، هەر بۆیە لەگەڵیاندا نەماوەتەوە، هەندێكیشایان خۆیان بە هۆی ژیان و کەسایەتی زیرەکەوە، توانای مانەوەیان لەگەڵ زیرەکدا نەبووە و بەجێیان هێشتووە.
بۆ نموونە:
تەنها لە شاری سلێمانیدا دووجار هاوسەگیری پێکهێناوە، تا ساڵانی ڕابردوو هەر لە ژیاندا مابوون، گەرچی وەک توێژەرێکی مەیدانی زۆر هەوڵمدا چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئەنجام بدەم، بەڵام بەهۆکاری کۆمەڵایەتی بە هیچ شێوەیەک ئامادەنەبوون، لە بارەی ئەو ئەزمونەی ژیانیان لەگەڵ (زیرەک)دا بدوێن.
زۆر عاشق بوون، نەسرەوەتن و نەمانەوە لەگەڵ کەسێک و لە شوێنێکی دیاریکراودا، هۆکاری شکستی خێزانی زیرەک بوون. هەر بۆیە دەبینرێت جوانی ژن، پانتاییەکی فراوانی نێو بەرهەمەکانی داگیرکردووە. بە بڕوای من ئەگەر ژن لە گۆرانییەکانی زیرەک دەربهێنیت، گۆرانیەکانی ئەو پانتاییە فراوانەی نێو گۆرانی کوردی خاڵی دەبوو، کە لەموزیکی کوردیدا پڕی کردۆتەوە.
لە سەربوردەی ژیانیدا زۆرجار دەگێرنەوە، زیرەک لە ساتی خۆشخوانی و گۆرانی گوتندا، ئەگەر ژنان و کچان لە دووریشەوە لێوەی دیار بوایە، خۆشتر و باشتر گۆرانی ووتووە، یان زۆرجار لە بەر نەبوونی ژنان و کچان، گۆرانی هەر نەووتوە، بۆیە چەندین جار لە سەر ئەوە توشی لێدان و ئازاردان بۆتەوە، یاخود بە هۆی گۆرانی ووتن و ناو بردنی ژن توشی گرفت و لێدان بۆتەوە. تەنانەت خۆی چیرۆکی نەهامەتییەکانی بە دەنگ بۆ تۆمارکردووە، کە چۆن لە پایی دەسگیرۆیکردن و رێزگرتنی و خزمەتکردنی توشی سوکایەتی و ئازاردانی جەستەیی و رۆحی بۆتەوە. توێژەر محمەد حەمە باقی وەک شایەتحاڵیک دەگێڕیتەوە: «زۆر جار بە جۆرێک لێیان دەدا، بێهۆش دەبوو، دواتر خەڵک دەیانخستە ناو بەتانییەکەوە و بۆ نەخۆشخانەیان دەبرد». واتە: بە جۆرێك توشی لێدان و ئازاردانی جەستەی بۆتەوە، کە نزیکی مەرگیان کردۆتەوە. پرسیار لێرەدا ئەوەیە، ئەم لایەنە چ کاریگەرییەکی لە سەر هونەرەکەی هەبووە؟ هەر بۆیە دەبینین زۆرێک لە گۆرانییەکانی سەربوردەی ئازارەکانی خۆی و عەشقە و لە زمانی گۆرانییەوە دەیانگێڕێتەوە. تەنانەت لە ساڵی ١٩٦٦دا بەسەرهات و بەشێک لە گۆرانییەکانی خۆی بەشعری کێشی پەنجە نوسیونێتیەوە و نوسەری دیاری کورد د. محەمەد سدیق موفتیزادە، پێشەکی بۆ نوسیوە، بەڵام لەبەر ئەوەی مۆڵەتی فەرمی لە ساواک وەرنەگرتووە، کتێبەکەی قەدەغەکراوە و خۆشی بەرەو عێراق هەڵهاتووە. جگە لەم باسانە کە لەم لایەنەدا خرانەڕوو، ئەوەی لێرەدا دەمەوێت، باسی بکەم، ئەویە کە (زیرەک) نەک تەنها گۆرانێبیژ بووە، بەڵکو توانایەکی باشی شێوەکاریشی هەبووە. بەڵگە بۆ ئەمە، لە گەڕانێکی مەیدانیمدا دەربارەی موزیکی کوردی، دیدارێکم لەگەل هونەرمەندی کۆچکردوو، (جەمال جەلال) سازکرد، کە ئەو وەک هونەرمەندێکی موزسیان و گۆرانبێژێکی دیاری ئەو سەردەمە، لە ساڵانی ١٩٥٨ی ئیزگەی کوردی بەغداد کاری کردووە، لە هەمان کاتدا ئەو ساڵانیک بێژەر و بەڕێوەبەری بەشی کوردی ئیزگەکە بووە. ئەو وەک شایەتحاڵێکی گرنگی ئەو ڕۆژگارەیە و لە نزیکەوە ئاشنای زیرەک بووە. لەو دیدارەمدا لە باسێکی ئەو رۆژگارەیدا دەربارەی زیرەک بەم جۆرە بۆم دوا:
«من کرابووم بە سەرۆکی بەشی کوردی، تورکمانی و سریانی لە ئێزگەی کوردی بەغداد، بەڵام پاش ماوەیەک بڕیارێکی تایبەتی سیاسی لە دەسەڵاتی ئەو سەردەمەی بەغدادەوە درا، کە ئیدی پێویستە سەرجەم گۆرانیەکی کوردی وەربگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی و سانسۆر بکرێت. لەم بڕیارەدا زیرەک تووشی گرفت بوو، چونکە ئەو بەشێوەی لە خۆوەگوتن (ارتجال) گۆرانی دەچڕی، لە هەمان کاتدا خوێندەواریشی نەبوو تا بتوانێت گۆرانییەکانی خۆی بنوسێتەوە. ئەو داوای لە من کرد، کە لەو بریارە بیبەخشن، بەڵام ووتم: ناتوانم ئەوە بکەم، چونکە بڕیاری سەر و خۆمە. زیرەک ووتی: ڕێگەچارە ئەوەیە، تۆ هاوکاری من بکەیت، ووتم چۆن؟ زیرەک ووتی: من سەرەتا گۆرانییەکان تۆمار دەکەم و پاشان تۆ گۆرانییەکانم بۆم بنوسەرەوە و دواتر ئەگەر گرفتی تێدابوو بڵاویمەکەنەوە». بە هۆکاری ئەوەی کە (زیرەک) سلێمانییەوە دەهات و هونەرمەندێکی دیاری سەردەمەکە بوو، لە هەمان کاتدا هاونەتەوەم بوو، دواجار گۆرانیگوتن سەرچاوەی بژێوی ژیانی زیرەک بوو، نەمتوانی داواکەی قبوڵ نەکەم. چونکە لەو کاتەدا، زیرەک مانگانە پێوست بوو چوار گۆرانی تۆمار بکات، پاداشتی هەر گۆرانییەک بڕی دە بۆ پازدە دیناری ئەو سەردەمەی وەردەگرت.
بۆیە خۆم گۆرانییەکانم بۆ دەنوسییەوە و پاشان وەرمدەگێڕایە سەر زمانی عەرەبی. بە چەند ڕۆژێک دوای ئەو بڕیارە زیرەک لە کاتی تۆمارکردندا کاغەزێکی بەدەستەوە بوو، لە کاتی گۆرانیوتندا زوو زوو تەماشای دەکرد، پاش کۆتایی هاتنی گۆرانیەکە و تۆمارکردن، لە بەر ئەوەی گومانی لەسەر بوو، ئەم کاغەزەی کە کاتی گۆرانگوتن پێیبوو، جێی گومان بوو.
بۆیە هەر زوو راپۆرتی لێدرا بوو، کە ئەو راست ناکات دەڵێت: خوێندەواریم نییە، بەڵکو ئەو خوێندەواری هەیە.
ئەوەبوو لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کرا، بەڵام ئەو لە لێکۆڵینەوەکەدا بە شەرمەوە کاغەزەکەی پشانداین، کە بینیمان نوسین و هۆنراوەی گۆرانییەکەی نەبوو، بەڵکو وێنەی ژنێکی بە قەڵەم رەساس کێشا بوو، بەڵام زۆر جوان وێنەکەی کێشا بوو، کاتێک کە لێمان پرسی کێ ئەم وێنەیەی کێشاوە؟
زیرەک لە وەڵامدا ووتی :«خۆم کێشاومە».
ئیدی هەموومان توشی سەر سورمان بووین، لە توانای وێنەکێشانەکەی، ئەو ووتی:
«خۆتان ئەزانن من ئەگەر ژنم بەرامبەر نەبێت، ناتوانم گۆرانی بە باشی بچڕم، بۆیە ئەم وێنەیەم کێشاوە. ئەگەر نا من خوێندەواریم نییە».
ئیدی بەم ڕووداوە ئێمە هەموومان دەستمان کرد بە پێكەنین. گەرچی دیسانەوە هیچ بەڵگەیەکی دی یان وێنەیەکی لە پاش خۆی بە جێ نەهێشتوە، تا ئاستی تواناکانی شێوەکاری ئەو بزانرێت، بەڵام لەمەوە دیسانەوە دەگەینە ئەو بڕوایەی، کە عەشق و جوانی ژن نەک تەنها سەرچاوەی سروشی گۆرانیگوتنی (زیرەک) بووە، بەڵکو سەرچاوەی سروشی جۆرێك لە شێوەکاریشی بووە. تەنانەت ئەگەر گۆرانیشی نەچڕیبێت، ئەوا وێنە و نیگاری ئەو ژنەی کێشاوە، کە عەشقێتی بووە.
لایەنی سێیەم:
ستەم کردن و سڕینەوەی ئەرشیفی بەرهەمەکانی لە لایەن هونەرمەندانی ئەو ڕۆژگارەوە بۆچی؟
ئاشکرایە زیرەک لە سەردەمی خۆیدا گوێگرانی بێشوماری لە ئیزگەی کوردی بەغداد و کرماشان و تاران هەبووە. هەر ئەمە زۆر جار مایەی ئیرەی هونەرمەندانی سەردەمی خۆی بوون.
زۆر جار دەبیستین، کە زیرەک نەک بە تەنها لەلایەن خەڵکە ئاساییەکە ئازار دراوە، بەڵکو لەلایەن هونەرمەندانی ئەو سەردەمەش توشی سوکایەتی و ئازاردان بۆتەوە. گەرچی زۆرینەیان نکۆڵی دەکەن و هۆکاری گرفتەکان بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، کە بەهۆی بەدمەستی زیرەکەوە بووە، بەڵام بە
خوێندنەوەی واقعی کۆمەڵگا و شایەتحاڵەکان، هۆکارەکە بۆ ئیرەی بەرامبەر تواناکانی زیرەک دەگەڕێننەوە.
زۆرجاریش دەشێت ئەو چیرۆکانە دروستکراوی هەوادارانی بێت و راستی نەبن. بۆ ئەمە زۆر جار هونەرمەندی دیاری کورد (مەزهەری خالقی) بە ئازاردانی زیرەک تۆمەتبار دەکرێت، بەڵام ئەو هەمیشە ئەو تۆمەتانە ڕەت دەکاتەوە.
زۆر جاریش شەماڵ سائیب لە ئێزگەی بەغداد تۆمەتبار دەکرێت، کە بە هۆی کێشەی نێوانیانەوە، بەرهەمەکانی زیرەکی لە ئەرشیفدا سڕیوەتەوە. بەڵگە بۆ ئەمە، نووسەر و بێژەر لە ئیزگەی کوردی بەغداد، کەمال رەئوف ناسراو بە (بابی لالۆ)، لە کتێبێکیدا دەربارەی مێژووی رادیۆی کوردی بەغداد، دەربارەی کێشەکانی نێوان زیرەک و شەمال سائیب لەگەل کامیل کاکە ئەمین دەدوێت. لەو دیمانەیەدا ئاماژە بەوە دەکات، کە (شەمال سائیب) کێشەی لەگەڵ زیرەک هەبووە، هەر بۆیە تۆمەتبار دەکرێت بەوەی، کە شەماڵ سائیب، بە هاوکاری (ئەحمەد رەئوف - کارمەندی چاودێری شریتخانە) کاتێک، کە زیرەک لە ئیزگە گۆرانی تۆمارکردووە، دوای پەخشکردنی گۆرانییەکانی، پاشان راستەوخۆ بەرهەمەکانی لە ئەرشیفدا، لە سەر داوای شەماڵ سائیب و لەلایەن (ئەحمەد رەئوف)ەوە سڕاونەتەوە.
هەروەها وەک بەڵگە بۆ قسەکانی، ئاماژە بەوە دەکات، زیرەک لە ماوەی سێ ساڵ کارکردنی لە ئیزگەی (بەغداد)دا، تەنها پەنجا و چوار گۆرانی لە ئەرشیفی ئیزگەی (بەغداد)دا هەیە، نوسەر ئاماژە بەوەدەکات، شەمال سائیب لە ڕێکەوتی ٣/٦/١٩٨٣ لە هەولێر خۆشی دانی بەو کارەدا ناوە، بەڵام ئەو ئاماژەی بەوەداوە، «تەنها یەک گۆرانی لە ئەرشیفدا سڕیوەتەوە، کە ئەویش گۆرانی ئالادەلعونە بووە، بەلام «دان بەوەدا ئەنێم کە من هۆکاری دەرکردنی زیرەک بووم لە ئیزگەی بەغدا، بە هۆکاری ئەوەی زیرەک لە گۆرانییەکانیدا ناوی ژنانی زۆر دەهێنا ئێمەش هەمیشە لەلایەن پیاوانی عەشایەر و ئاغایانی ئەو کاتەوە نامەی هەرەشەمان بۆ دەنێردرا دەیان گوت: کە زیرەک لە گۆرانییەکانیدا بۆ ناوی ژنی ئێمە دەهێنێت؟». گەرچی لە وەڵامدا زیرەک وتویەتی: «من کاتێک ناوی ژنێک دێنم نازانم کێن، تەنها بەشێوەی لەخۆوەگوتن لە کاتی گۆرانی گوتندا دێنە سەر زارم». ئەگەر لێرەدا ئەم ووتانەی بابی لالۆ دەربارەی ئەرشیفی زیرەک، بەراورد بە ووتەکانی: موزسیان جەمال جەلال بکرێت و زیرەک مانگانە تەنها چوار گۆرانی تۆمار کرد بێت، ئەوا پێویستە ژمارەی گۆرانییەکانی لە ئەرشیفدا (سەد و چل و چوار) گۆرانی بێت، کەواتە: (٩٠) گۆرانی زیرەک ئەرشیف نەکراوە یان سڕاونەتەوە. هەرچی دەربارەی وەدەرنانی زیرەکە لە بەشی کوردی رادیۆی بەغداد، بۆ لایەنی نا ڕۆشنبیری کۆمەڵایەتی ئەو رۆژگارەی کورد، دەگەڕێتەوە، کە ئەو سەردەمە چ ئاستەنگ و دەردی سەرییەکی ژیانی زیرەک بوون.
لێرەدا دەرئەنجامی ئەم سێ لایەنە، ئەشێت ئەم چیرۆکانە بۆ هەندێک کەس و توێژەر جێی بایەخ نەبن، بەڵام ئەگەر بڕوانرێتە ژیاننامەی زۆرینەی موزیسیانان و گەورە بیرمەندانی مێژووی گەلانی جیهان، گەرچی دەربارەی ژیانیان زۆر ورد و زانستیانە نوسراوە، کەچی هێشتا لە لێکۆڵینەوە و گەڕان بە دوای زانیاری نوێ دەربارەی ژیانیان بەردەوامن، بۆ ئەمە لە سەر ئاستی خوێندنی باڵادا سەرچاوەی وەرگرتنی بڕوانامەی زانستی توێژەرانی بوارە جیاوازەکانی زانستە مرۆڤایەتیەکانن.
ئەگەر بواری موزیک بکەینە نموونە، خوێندنەوەی مێژووی گەورە موزسیانان، پێویستییەکی گرنگی ڕانان و خوێندنەوەی پڕۆسەی موزیک و موزیک دروستکردنی ئێستا و ئایندەیانە. بەشێوەیەکی گشتی دەربارەی ئەم لایەنە ووتەیەکی بیرمەند و فەیلەسوف سلاوڤۆ ژەیژەک هەیە دەڵێت:
«کارەساتە ئاگات لە رابردوو نەبێت لەگەڵ ئەوەشدا بتوانیت کاریگەری لە سەر ئایندە دروست بکەیت». بە بڕوای من بۆ کۆتایی هێنان بە کارەساتی نەبوونی ڕۆشنبیری گشتی دەربارەی مێژووی موزیکی نەتەوەیی و کۆتایهێنان بە نەبوونی سەرچاوە و هەنگاونان بۆ ئایندەی موزیکی کوردی، پێویستە ئاوڕ لەو رابردووە فەرامۆشکراوەی موزیکی کوردی بدرێتەوە و بنوسرێتەوە، تا بتوانرێت بە پشت بەستن بە کۆڵەکەکانی رابردوو دیسانەوە ئایندەیەکی باشتر بۆ موزیکی کوردی بنیات بنرێت.
بروانە کتێبی: موزیک چییە؟ نوسینی توانا حەمە، ٢٠١٩
سەرچاوە:
- محەمەد حەمەباقی، چاوپێکەوتن، فیلمی بەڵگەنامەی کەناڵی کوردسات، بە ناوی (گەروویەکی ناوازە) دەربارەی ژیانی حەسەن زیرەک.
- جەمال جەلال، چاوپێکەوتن، توانا حەمە، سارا لەتیف، سلێمانی، ٢٠/٩/٢٠١٣.
- دیمانەی تۆمارکراو، کامیل کاکە ئەمین، گەڵاکەر و تۆمارکردن: کەمال رەئوف محەمەد، ٦/٣/ ١٩٨٤. لە بەرگی یەکەمی مێژووی ڕادیۆی کوردی بەغداد، ١٩٣٩-١٩٥٨، چاپخانەی ڕۆشنبیری، ٢٠١٤.
Comments
Post a Comment