سەفەرنامە .... 2


بەشێک 
لە:      

ئێوارەیەک لەگەڵ دەریادا...



دەمەو ئێوارە بوو، لە ڕۆخی دەریاکە دانیشتم و جگەرەیەکم داگرساند و گوێم لە شەپۆلەکانی دەگرت بە جۆرێک خۆی دەکێشا بەو ڕۆخە دەستکردانەدا سەدایەکی گەورەدەدایە وە بەڵام دەنگێکی ئارام بەخش بوو نەک جاڕسکەر. نەوڕەسەکانیش ھێدی ھێدی کەم دەبوونەوە و دەریایان بە جێ دەھێشت و ڕووە و لانەکان دەگەڕانەوە. ئەو ئێوارەیە لە ڤالانتاین ئەچوو، ھەر کچ و کوڕ بوو، نەرمە نەرمە دەڕۆشتن و زوو زوو بەیەکدا ئەنووسان و دەکەوتنە ڕامووسان، من خۆم بۆ نەدەگیرا وەک کوردی دۆ نەدیوو لێم دەڕوانینن، چونکە لە دۆزەخەکەی لای خۆمان نە بە حەڵاڵی نە بە حەرامی ڕامووسان لە شەقامەکان ڕیگە پێدراو نییە. بەڵام توانەوەی کچان بە سەر لاشەی پیاواندا زۆر سەنج ڕڕکێش بوو بە جۆرێک پیاویان ئەلاواند وەک ئەوەی ناسکترین مەخولقی دنیابێت. لەوێ پیاو ئەو شێر و دەعەجانە نیە کە فێمینزم و پارێزەری ژنان باسی دەکەن. دەستم کرد بە خواردنی لە فە ماسییەکەم کە تامێکی زۆر تایبەتی ھەبوو، دواجار داوای چاییەکم کردو حگەرەیەکم داگرساند. چاوم بڕیبووە دەریا و بە بێ پێشەکی کەوتمە ڕاز و نیاز لەگەلی بەوە دەستم پێکرد، کە من بۆ چەندین ساڵە حەز ئەکەم لە نزیکەوە بگەمە خزمەتت، تۆ جوانترین پۆپ ستاری دڵی منی بە جۆرێک عاشقی تۆم، بە بینینت تەواو ئارام دەبمەوە، ووتم بەڵام زۆر گلەیم ھەیە لێت تۆ بۆچی لە دۆزەخەکەی ئێمە بوونت نییە؟ بۆچی ڕیت نەکەوتە ووڵاتەکەی ئێمە، کچ و کوڕانی ئێمەش پێویستسان بەوەیە گوییان بۆ بگریت، گوییان لە شەپۆلەکانت بێت، یاری و گورانی ووتنی نەوڕەسەکانت ببینن. حەزیان لە ماچێکە لە ڕۆخەکانی تۆدا، دەیانەوەێت لە ناو تۆدا قاچەکانیان لە یەکدی بخشێنن، دەیانەوێ مەلەت تیا بکەن دەریا ئەگەر تۆ لای ئێمەش ھەبایت کچان و کوڕان زۆر دڵخۆش دەبوون، بڕوابکە ھیچ کچێک خۆی نەئەسوتاند، کەس خۆی نەدەکوشت، تەنھا ئەھاتنە لای تۆ دەردە دڵیان ئەکرد، دەریا لای ئێمە ھیچ کەسێک نیە گوێت بۆ بگرێت، ھەمووی پێ:ەوە قسەدەکات، قسە قسە، بێ ئەوەی کەس گویبگریت.  دەریـــــــــــــــابە ڕاست پێم بڵێ  ئەی تۆ بۆچی ڕیت نەکەوتە دۆزەخەکەی ئێمە؟؟؟؟ دەریا ھیچ دەریایەک شک نابەی لە تۆ سوێرتر بانگێشتی کەین بۆ ئەو دەڤەرەی خۆمان..  دەریــــــــــا ....  دەریــــــا حەز ئەکەم ھەموو ئێوارەیەک لە لات بم. دەریــــا...


توانا حەمە

Comments