ئەو ڕۆژەی کە فریشتە باڵشکاوەکە گەیشتە نەخۆشخانەکەم - توانا حەمە

 ئەو ڕۆژەی کە فریشتە باڵشکاوەکە گەیشتە نەخۆشخانەکەم، حاڵی زۆر خراپ بوو، بە جۆرێک خوێنی لە بەردەڕۆیشت ھەموو لەفاف و لۆکەی نەخۆشخانەکەمان بۆ گرسانەوەی خوێنەکەی بەکارھێنا، بەڵام ھیچ سوودی نەبوو، بە توندی دەستم خستبووە سەر برینەکەی، دیار بوو بە جۆرێک پیکرابوو شاپەڕی فڕینی لە دەست بوو.
 ھەرچۆنێک بێت خوێنەکەیم گیرساندەوە، بەڵام پەرۆشی ئەوە بووم کە بە ھۆی لەدەستدانی شاپەڕەکانی فڕینەوە، ھەرگیز نەتوانێ بچێتەوە ئاسمان. 
دوای ماوەیەک حاڵی باش بوو، دکتۆر (خۆشین) پێی ووتم: ئەگەر بە زووترین کات شاپەڕی بۆ پەیدا نەکەین، بۆ ئەبەد بە زەلیلی لامان دەمێنێتەوە. ئەو شەوە تا بەیانی نەخەوتم ھەر دڵم لای ئەو بوو. چاوە تەڕەکانی، بۆنی ھەناسەی، ناسکی جەستەی ھەر لەبەرچاوم بوو، نەم دەزانی چی بکەم نەم دەویست بۆ ئەبەد بەو باڵە شکاوەوە بیبینم. 
بۆیە ھەر ئەو شەوە بڕیارمدا شاپەڕەکانی فڕینی خۆم بەو ببەخشم. لە سپێدەیەکی زوودا ھەتوانێکیان بۆ گرتەوە بە گووشینی پەڕەی دڵم، بۆ ئەوەی شاپەڕەکانی فڕێنی لەسەر باڵەکانی گیربکەن. ڕۆحمیان دا لە ڕنە بۆ ئەوەی بیکەن بە دەرزییەک و  بێھۆشی کەن. 
خۆشبەختانە بەخت یاوەری بوو، شاپەڕەکانی فڕینم زۆر بەزووی جیگیر بوون و لە ماوەی یەک ھەفتەدا کەوتە باڵە فڕە. 
سەرەتا زۆر سوپاسی کردم و زۆر گرنگی پێدەدام، ئەیگووت: ھەمیشە دەیگووت: چۆن چاکەت بەمەوە؟؟ تۆ ئێستا بەھۆی منەوە بۆ ئەبەد فڕینت لە دەستداوە... بمبوورە... تۆ بۆوات کرد؟؟؟
 منیش ئەم گووت: پێویست بەوە ناکا، من لە مێژە لە فڕین تۆراوم. ئەمەوێ لێرە بمێنەوە بۆ ئەبەد بیر لە ئاسمان نەکەمەوە.
دوای چەند ڕۆژێک ھاتە لام و بە تووندی لێوەکانی ماچ کردم، ھەموو جەستەم کەوتە لەرزین، لە مێژ بوو ڕامووسانی وام نەدیتبوو. ئەو گووتی: ئازیز گەشتێکی کورت ئەکەم و ئەگەڕێمەوە، ئەمەوێت بۆ ئەبەد لەگەڵ تۆدا بمێنمەوە. ئەو قسانەی ھێندەی تر شاپەڕی فڕینیان بیربدمەوە زۆر دڵخۆشبووم: بە ناسکیەوە ماڵئاوای لێکردم، تا حەوتتەبەقەی ئاسمان چاوم لیی نەتروکاند. 
ئیدی لەو ڕۆژەوە چاوەڕوانی گەڕانەویم، لە بەرپەنجەرەی نەخۆشخانەکە، چاوم ھەر ڕووی لە ئاسمانە، ئەوە شازدە بەھارە من چاوەڕێم، کەچی ھەر نەگەڕایەوە، تەنانەت نامەیەکشی نەنارد..
یاداشتەکانی جاویدی قەمبەر
چاپتەری: پەرستاری فریشتە باڵشکاوەکان.

نووسینی: توانا حەمە
٢٠١٥

Comments