دانپێدانان

ن: توانا حه‌مه‌
حه‌وسه‌ڵه‌م نه‌ماوه‌، بێده‌نگ و مات و مه‌لوولم، نه‌ وێنه‌کانی جه‌نگ ڕامئه‌چڵه‌کێنێ، نه‌ خوێن، نه‌ ئازادی، نه‌ سه‌ربه‌خۆی، نه‌ ئاڵاکه‌ی، نه‌ سروشته‌که‌ی..... من دان به‌وه‌دا ئه‌نێم من هه‌ستی نیشتمانیم تێدا نه‌ماوه‌، هه‌ست به‌وه‌ ده‌که‌م هیچ شتێک و هێزێک نه‌ماوه‌ من ببه‌‌ستێته‌وه‌ بێره‌وه‌، ته‌نانه‌ت گریانی دایکیشم، کاریگه‌ری له‌ سه‌رم نه‌ماوه بۆ مانه‌وه‌‌. لۆمه‌م مه‌که‌ن ئه‌زانن من ته‌واو ته‌واو تێر بووم له‌ سه‌یرکردنی جه‌نگ؟ له‌ بۆنی خوێن؟ له‌ خوێندنه‌وه‌ ده‌رباره‌ی جه‌نگ؟ من چاوه‌کانم پڕ بوون دیمه‌نی جه‌نگ‌، گوێکانم پڕن له‌ درۆی سیاسییه‌کان، ته‌نانه‌ت هه‌ستی چێژ وه‌رگرتنم بۆ جوانییه‌کان له‌ ده‌ستداوه‌، نه‌ک هه‌ستێکی گه‌مژانه‌ به‌ خاکێکی شوومه‌وه‌. من ‌ته‌واو ئولفه‌تم به‌ دڵته‌نگییه‌وه‌ گرتووه‌، دڵته‌نگی بووه‌ به‌ به‌شێک له‌ من، بێ ئۆقره‌ی نا ئارامی، قاچه‌ له‌رزه‌، په‌نجه‌ته‌قانن، خوراندنی سه‌ر، ئه‌مانه‌ که‌ پێشتر نه‌م بوون، ئێستا بوون به‌ خوویه‌کی به‌د و پێمدا نووساون. 
دان به‌وه‌دا ئه‌نێم دڵته‌نیم له‌ هیچ شوێنێک خۆشناکاته‌وه‌، ته‌واو ته‌واو مات و له‌ هه‌موو شتێکی ئێره‌ جاڕس بووم. ته‌نگه‌ نه‌فه‌سم، ئێره‌ ته‌سکه‌ به‌ به‌رم، ته‌نگه‌ بۆمن، زیاتر له‌ هه‌ر شتێ بێزاری ئه‌وه‌م، که‌ تازه‌ هیچ شوێنێکیش نابێته‌وه‌ به‌ نیشتمانی من، دان به‌وه‌شدا ئه‌نێم، که‌ هه‌ستی من وه‌ک دڵێکه‌ و ‌شکاوه‌ هه‌رگیز چاک نابێته‌وه‌، ڕۆحێکه‌ ترازاوه‌ هه‌رگیز بۆ ئێره‌ ناگه‌ڕێته‌وه‌. 


له‌ یاداشته‌کانی سوڵتان جاویدی قه‌مبه‌ر


توانا حه‌مه‌

Comments