هەرجارە و زاراوەیەک 1/ زاراوەی پێشرەو – ئاڤانگارد لە موزیک و هونەرەجوانەکاندا چییە؟

هەرجارە و زاراوەیەک
شیکارییەک بۆ

زاراوەی (پێشرەو – ئاڤانگارد) لە موزیک و هونەرەجوانەکاندا چییە؟
AVANT – GARDE

 توانا حەمە

(ئاڤانگارد) چییە؟ 
 ریشەی ئەم زاراوەیە، بۆ سەدەی حەڤدەهەم  لە فەرەنسا دەگەریتەوە. ئەو فەرماندەیەی لە پێشی لە شکری سەربازانەوە دەرۆیشت، پێیان دەگووت (ئاڤانگارد)، کە بە واتای (پێشڕەو) دەهات. ئەم زاراوەیە زادەی مۆدیرنەیە، ئەگەر بەشێوەیەکی گشتی لە خودی مۆدیرنە یان مۆدێرنە لە هونەردا بروانریت دەتوانریت بە (پێشرەو یان ئاڤانگارد)ی بوون گوزارشتی بۆ بکرێت.
چەمکی ئاڤانگارد: لە نیوەی سەدەی نۆزدەهەمەوە هاتۆتە ناو هونەر، بەتایبەت بەو دەستەیە لە هونەرمەندان دەگوترا، کە کارەکانیان لە خزمەت بزاوت و گەشەسەندنی هونەری نوێدا بوون و  پێشرەوییان دەکرد. بە وانە دەگوترا (ئاڤانگارت)ەکان یان هونەرمەندی (ئاڤانگارد). هەر چەندە ووشەکە فەرەنسییە و گوزارشتە بۆ تاک یان یەک کەس، بەلام لە هونەردا کۆیە و زیاتر بۆ گروپێک لە هونەرمەندان بە کاردەهێنرێت. ئەم زاراوەیە رۆژ دوای رٶژ لە نێو کایە هونەری و فەرهەنگییەکاندا زیاتر جێی خۆی گرت و لە لێکۆڵینەوە و گفتوگۆ ئەکادیمەییەکاندا زیاتر بەکاردەبرا و بایەخی پێدەدرا.
هەر لەهەمان ڕۆژگاردا ئەم زاراوەیە لە نێو کایە سیاسییەکانیشدا گەشەی سەند، پارتە سیاسیە رادیکاڵەکان و بزوتنەوە سۆسیالستی و ئەنارشیستییەکان و گروپە کودەتا چییەکان بە (ئاڤانگارد) ناوزەد دەکران. بە پێجەوانەوە بزوتنەوە راستگەراکان دژی ئەم زاراوەیە دەوەستان و بە گروپی ئاژاوە گێر ناویان دەبرد. لە هونەریشدا بەهەمان شێوە، جەماوەری قوتابخانە سونەتی و کلاسیکیەکان دژ بە قوتابخانە نوێ و بزاوتە (ئاڤانگارد)ەکان بوون.
لە موزیکدا (ئاڤانگارد) بۆ ئەو کەسانە بەکاردەبرا، کە ویڵی ئەزمونی نوێ و دۆزینەوەی نوێ و شکاندنی یاسا کلاسیکیەکان بوون. یان بە واتایەکی دی دەتوانریت بگوترێت (موزیکی ئەزموونی) لەگەڵ ( موزیکی ئاڤانگارد) لە تەواوی هونەرە جوانەکاندا هاو واتا بوو.
بەکار‌هێنانی زاراوەی (ئاڤانگارد) لە ئەدەبیاتی موزیکدا بۆ ساڵی ١٨٦٠ دەگەرێتەوە. بەتایبەت لە کارەکانی ڤاگنەر و پەیڕەوانی ئەودا رەنگی دەدایەوە. هەر بۆیە لەلایەن رەخنەگران و نوسەرانەوە کارەکانی ئەوان بە (هونەری ئایندە) لە جێی (هونەری ئێستا و هاوچەرخ) ناودێر دەکرا. تەنانەت ئەم گوزارشتە لە نێو نوسینەکانی شۆمان و خودی ڤاگنەریشدا بەرچاو دەکەون. دواتر لە لێکۆڵینەوە و تیورەکانی تیورستی ناسراوی ئەڵمانی (پیتر بێرگر - Peter L. Berger) دا زاراوەی ئاڤانگارد بۆ هونەری ئەو رۆژگارە پێشنیار کرا. 
 پیتر بورگر - Peter L. Berger

پیتر بێرگر بە ڕیشەیەکی مێژووی ئەوەی خستەروو، کە هەمیشە ئەزموونی هونەرمەندان لە دەورانی خۆیاندا، دەبێتە ڕێبەری هونەرمەندانی ئایندە. جگە لەوە ئەو دەڵێت: "تاوەکو هونەرمەندان خۆیان بە دوور بگرن لە خاوەنکارەکانیان واتە: (دەربار و کڵێساکان) و زیاتر ئازادانە تر کار بکەن، مرۆڤەکان زیاتر هەستەوەر دەبن بەکارەکانیان. بۆیە هەمیشە هونەرمەندانی ئاڤانگارد مەترسی ئەوەیان لە سەرە کە وەرگرەکانیان ئامادەگی ئەزموونی نوێی هونەری ئەویان نەبێت و پێشوازی لە کارەکانیان نەکەن. دەرەنجام هونەرمەندانی ئاڤانگارد توشی هەستەوەری دەبن و زیاتر دوورە پەرێز دەبن و کەمتر بەشدار کاییە فەرهەنگییەکان دەکەن. (بێرگر) هونەرمەندی ئاڤانگارد بە کەسانی رەخنەگر لە بار و گوزەرانی کۆمەلایەتی دەناسینیت. ئاڤانگارد باوەڕی هونەرمەند ئەوە نیشان دەدات، کە هونەرمەندی ئاڤانگارد خۆی بە دوور دەگرێ، لە کۆمەڵی بورژوا، یاخود بە تەواوەتی لە بورجوا دوور دووردەکەوێتەوە. بۆیە لە بواری یاوازداناندا، ئاوازدانەری ئاڤانگارد دژی سیستەماک کردنی موزیک دەوەستنەوە و سیستەمی فەرمی فێرکار و تیۆری مەحکوم دەکەن. هەتا ئەو جێگایەی ئاینە رادیکالەکان وەک: بودای و بزاوتی سوریالیزمیش بە سەر مەشقی کڵێشە سازی دەزانێت. لە دیدگای (بێرگر)وە "ئاڤانگارد ئەو کەسەیە کە ڕەخنەگرانە بروانیت و نەک خۆی قوتابخانە بسازێنێ، واتە نەهی لێبکات، هەرچەندە نەشتوانێ ئەوە بسەلمێنێ".
زۆر جار جیاوازی هزر لە هونەرمەندانی ئاڤانگاردا دژی بە سیستەماککردنی و لە قاڵبدانی هونەر دەگاتە برواکانی  پییر بولز کە لە ساڵی ١٩٦٦ پێشنیار دەکات و دەڵێت: "پێویستە ئیدی تەواوی تەلار و هۆڵەکانی ئۆپیرا و موزیک دابخرێت". پاشان لە ساڵی ١٩٨٠ رایگەیاند ئەو بەتەواوەتی لە (گوزارشتی جیگیر بوونی موزیک) بەد گومانە.
 لیرەدا دەگەینە ئەو بروایەی کە ئاڤانگارد ئەو زاراوەیە کە زادەی مۆدیرنیە، پرسیارێک دیتە گۆڕی لە هونەری موزیکی کوردیدا ئاڤانگاردەکانمان کێن؟ ئایا ئێمە هونەرمەندی ئاڤانگاردمان لە موزیکدا هەیە؟ یا خود ئەم چەمکە بە مانا لاساییکەرەوکەی نا بەڵکو بە مانا پێشکەوتن خواز و سەردەمییەکەی تا هەنووکە لە هونەرەجوانەکانی کورددا بونی نییە؟ وروژاندنی ئەم پرسیارانە و دەیانی دیکە، لەلای موزسیان و هونەرمەندی کورد ئامانج و هۆکاری شیکاری ئەم زاراوەیە بوو.



پییر بولز
-   پیتر بورگر: پرۆفیسۆری دیاری بواری کۆمەلناسی ئەمریکایە، خاوەنی دەیان کتیبی ناوازەیە.
- پی‌یر بولِز: Pierre Boulez- ١٩٢٥ - ٢٠١٦  ) ئاوازدانەر و رابەری ئۆرکسترای فەرنسا بوو، بە یەکیک  لە بناغە دانەرانی شیوازی سریالیزم  لە موزیکدا هەژمار دەکرێت.


سەرچاوە:
بابک احمدی، موسیقی شناسی فرهنگ تحلیلی مفاهیم، چاپ: اول، نشر مرکز، تهران، ١٣٨٩، ١٠٣
مقالە: نادر دولتشاهی، لە ویبسایتی پیک ایران.   ٢٥/١٢/٢٠١٦

Comments